- https://doi.org/10.14500/kujhss.v9n1y2026.pp167-180
زیرەكی سۆزداری و پەیوەندی بە كواڵێتی ژیان لای خوێندكارانی زانكۆ
- Mar 1, 2026
- Koya University Journal of Humanities and Social Sciences
- داستان عومەر مەحمود +2 more
ئامانجی سەرەكی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە دەرخستنی پەیوەندی نێوان ڕەهەندەكانی زیرەكی سۆزداری بە كواڵێتی ژیان لای خوێندكارانی زانكۆ، هاوكات پێوانەكردنی ئاستی ڕەهەندەكانی زیرەكی سۆزدار و كواڵێتی ژیان و زانینیی كاریگەری گۆڕاوە دیمۆگڕافییەكانە لەسەر ئەنجامەكانی توێژینەوەكە. بۆگەیشتن بەو ئەنجامانەش توێژەران سوودیان لە میتۆدی وەسفی – پەیوەستی بەڕێگەی ڕوپێوی كۆمەڵایەتی بە نموونە وەرگرتووە. بۆ ئەو مەبەستەش توێژەران فؤڕمێكی ڕاپرسیان ئامادەكردووە، بەجۆرێك پێوەری "زیرەكی سۆزداری" لە پێنج ڕەهەند پێكهاتوو، كە كۆی گشتی برتییە لە (24) بڕگە و كواڵێتی ژیانیش لە (18) بڕگە پێكهاتووە. دوای ئەنجامدانی تەواوی تایبەتمەندیە سایكۆمەترییەكان و دڵنیابوونی لە ڕاستێتی و جێگری هەردوو پێوەرەكە، بەشێوەیەكی هەڕەمەكی چینایەتی ناڕێژەی بەسەر (420) خوێندكاری لە زانكۆكانی "سەڵاحەددین ، سلێمانی، ڕاپەڕین" بە شێوەی ئۆنلاین دابەشكراوە. بە جۆرێك (239) خوێندكار ڕەگەزی مێ و (181) خوێندكاریش ڕەگەزی نێر. بۆ شیكردنەوە داتا بە دەستهاتووەكانیش توێژەران سوودیان لە پرۆگرامی هەكبەی ئاماری (SPSS) وەرگرتووە. گرنگترین ئەو ئەنجامانەی ئەم توێژینەوەیە پێی گەیشتووە، برتییە لە : بەشێوەیەكی گشتی ڕەهەندەكانی " كارامەیی كۆمەڵایەتی، خودئاگایی" لای خوێندكارانی زانكۆ لە ئاستێكی بەرزدایە، هەروەها ڕەهەندەكانی " خۆهاندان، هاوسۆزی، بەڕێوەبردنی خود" و زیرەكی سۆزداری بە گشتی لە ئاستێكی مامناوەند دایە، هاوكات كواڵێتی ژیان لە ئاستێكی بەرزدایە لای نموونەی توێژینەوەكە. هەروەها دەركەوتووە جیاوازیەكی بەڵگەداری ئاماری بە پێی گۆڕاوی ڕەگەز بوونی هەیە. بەجۆرێك دەركەوتووە ڕەگەزی مێ لە " خودئاگایی، هاوسۆزی، بەڕێوەبەردنی خود، خۆهاندان، زیرەكی سۆزداری بەگشتی ، كواڵێتی ژیان " بەبەراورد بە ڕەگەزی نێر ئاستی بەرزترە، بەڵام رەگەزی نێر لە " كارامەیی كۆمەڵایەتی" ئاستی بەرزترە بە بەراورد بە ڕەگەزی مێ. هاوكات دەركەوتووە ئەو خوێندكارانەی ئاستی ئابووری خێزانیان خراپە ئەوا ئاستی كواڵێتی ژیانیان نزمترە بە بەراورد بەو خوێندكارانەی ئاستی ئابووری خێزانەكانیان" باش یان مامناوەندە". لە كۆتایشدا دەركەوتووە پەیوەندیەكی ڕاستەوانەی سەرو مامناوەند لە نێوان تەواوی ڕەهەندەكانی زیرەكی سۆزداری و كواڵێتی ژیاندا بوونی هەیە. لەم پەوەندیەش دەركەوتووە " كارامەیی كۆمەڵایەتی و خودئاگایی و خۆهاندان" كاریگەری گرنگ و ڕاستەخۆی لەسەر كواڵێتی ژیان هەیە. بەڵام سەبارەت بە " بەڕێوەبردنی خود و هاوسۆزی" ئەم كاریگەریە بوونی نییە.